لەترسی هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕوسیا
پۆڵەندا ڕاهێنانی سەربازی بە خەڵکی مەدەنی دەکات
لە دەستپێکی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا وە، پۆڵەندا درکی بە مەترسییەکانی ڕووسیا کردووە و بە بەردەوامی سیستمی سەربازیی خۆی بەھێزتر و تۆکمەتر دەکات، ئێستاش ڕاھێنان چەک سووک و مامناوەند بە خەڵکی مەدەنی دەکات.
پۆڵەندا خۆی وەک بەرگریگاری یەکەمی بەرەی ڕۆژھەڵاتی ناتۆ دەبینێت و دەیەوێت سوپاکەی ببێتە یەکێک لە بەھێزترینەکانی ئەوروپا، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پشت بە خەڵکی مەدەنی دەبەستێت، کە کارێکی ھاوبەشی حکومەت و کەرتی تایبەتە پێکەوە.
ھێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا لەژێر دروشمی (ڕۆژێک ڕاھێنان لەگەڵ سوپا) ڕاھێنان بە خەڵکی مەدەنی دەکەن لە سەرجەم شارەکانی پۆڵەندا، خەڵکانێکی زۆریش بەدەمەوەھاتنیان نیشانداوە.